نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، هادی عامری و جێنین هێنیس پلاسخارت تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی عێراقیان کرد.
لەراگەیەندراوێکدا نوسینگەی تایبەتی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەکردووە کە هادی عامری پێشوازیی لە جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق کردووە و ئاماژە بەوە دراوە کە لە دیدارەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی عێراق کراوە.
شایەنی باسە لە دیدارەکەدا، عامری و پلاسخارت باسیان لە رێگاکانی چارەسەرکردنی ئەو چەقبەستووییه سیاسییەی ئێستا و پێویستی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکانیان کردووە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی واقیعی و قبوڵکراو لەسەر بنەمای چوارچێوە دەستوورییەکان.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت جەختی لە پێویستی سەقامگیركردنی دۆخی سیاسی عێراق و گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش كە هەموو لایەنەكان رازی بكات، کردووەتەوە.