شانزە بەنزینخانەی دیکە لە هەولێر و دەوروبەری سزادران
بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاونیشتمانییان و له بهرامبهر دەستکاریکردنى كوالیتیی بهنزین، 16 بەنزینخانەی دیکە لە هەولێر و دەوروبەرى سزادران
ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-08-2022، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاونیشتمانییان و له بهرامبهر دەستکاریکردنى كوالیتیی بهنزین، 16 بەنزینخانەی دیکە لە هەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و رێکارى یاسایی لە بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.
هەفتەی پێشووتریش، بە هەمان هۆکار 21 بەنزینخانە سزادرابوون. بەوپێیە، لە سەرەتای مانگى حوزەیرانی ئەمساڵەوە تاکو ئەمڕۆ، 188 بەنزینخانە لە هەولێر و دەوروبەری سزادراون.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، بەهۆی "دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و دەستکاریکردنى كوالیتی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بە هاووڵاتییان"، ناوی هەشت بەنزینخانە بڵاودەکاتەوە.
یەکەم/ وێستگەى هامان1
دووەم/ وێستگەى باواجى
سێیەم/ کۆک
چوارەم/ وێستگەى کوردستان/ 100 مەترى
پێنجەم/ وێستگەى دونیا/ حەدید و خەشەب
شەشەم/ وێستگەى فیرارى
حەوتەم/ وێستگەى باز
هەشتەم/ وێستگەى رزگارى
رۆژی چوارشەممە، 06-07-2022، حکومەتی هەرێم راگەیێندراوێکی لەبارەی سزادانی ئەو بەنزینخانانەی لە نرخ و کوالیتیی بەنزین سەرپێچییان کردووە، بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیێندراوەکە، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی کوالیتیی نزم لە بەنزینخانەکانیان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 274 بەنزینخانە لە هەرێمی کوردستان سزادراون و سزای هەر بەنزینخانەیەکیش لەنێوان 500 هەزار دینار بۆ دوو ملیۆن دینار بووە.