بەمەبەستی چاودێریکردنی بارودۆخی ئەمنی سەر سنووری عێراق – تورکیا، شاندێکی باڵای سەربازی ئەمڕۆ گەیشتە زاخۆ.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی شەفەق نیوز ـی راگەیاندووە، شاندە سەربازییەکە بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گەیشتووەتە زاخۆ و لەوێ سەردانی بارەگای لیوای پاسەوانی سنووری یەکەم کردووە کە دەکەوێتە ناوچەی باتوفا لە قەزای زاخۆ، بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمنیی سنوور.
دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی تۆپبارانەکەی کرد کە لە 20ـی ئەم مانگە بۆ سەر ناوچەیەکی گەشتیاری سەر بە پارێزگای دهۆک ئەنجامدرابوو، هاوکات ئەنجومەنی ئاسایش داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی فراوان ئەنجام بدرێت بە هاریکاریی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنەکە.
پێشتر دەسەڵاتدارانی عێراق تورکیاـیان بە ئەنجامدەری تۆپبارانەکە تۆمەتبارکردبوو، بەڵام دوای رووداوەکە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا تۆمەتەکانی رەتکردەوە و هەروەها دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند کە ئەوان شتێکی وەها بەرامبەر بە دراوسێیانی ئەنجام نادەن و بکەرانی کردەوەکە پەکەکەیە.