شاندی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا چاکسازی بانکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێدەکەن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • شاندی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا چاکسازی بانکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێدەکەن

شاندی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا چاکسازی بانکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێدەکەن

شوبات 10, 2023 12:14
شاندی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا چاکسازی بانکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێدەکەن
0

لایک

شاندی باڵای حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لە واشنتۆن، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی خەزێنەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و هەردوولا باسیان لە رێوشوێنەكانی عێراق کردووە بۆ چاکسازی بانکی، رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی، لە کۆبوونەوەکانیشدا واشنتۆن پشتیوانی خۆی بۆ عێراقێکی خاوەن ئابوورییەکی بەهێز لە ناوچەکەدا دووپاتکردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، شاندی باڵای حکومەتی فیدڕاڵ بەسەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە شەوی رابردوو لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەتەوە، هەردوولاش باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن و چۆنیەتی گەشەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندیانەکردوە بەتایبەت لە بوارەکانی وەبەرهێنان، هاوکاریی و کاری پێکەوەیی لەبواری دراودا بەجۆرێک بووژانەوەی زیاتری ئابووری عێراقی لێبکەوێتەوە.

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە شاندی عێراقی راگەیانووە، کاردەکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و زیادکردنی کاری پێکەوەیی لەگەڵ بەغداد، کۆبوونەوەکەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ عێراقێکی خاوەن ئابووری بە‌هێز کە ئابوورییەکەی تێکەڵ بێت لەگەڵ ئابووری ناوچەکەدا و سەرنجی لەسەر گەشەپێدانی دۆسیەی نەوت و کارەبا بێت تاکو دۆخی هاووڵاتیانیش باشتر بکات، لەو پێناوەشدا هەموو هاوکارییەکی بەغداد دەکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی عێراق باسی رەنگدانەوەی رێوشوێنەكانی چاكسازی سیستمی بانكی كردووە لەڕێی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە، لەگەڵ گرنگی بەردەوامبوونی كۆبوونەوە هونەرییەكان لەنێوان پسپۆڕانی ئەو بوارەدا.