جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنەکە هەڵوێستی لەگەڵ گەلی کوردە و هێرشی مووشەکی ئێران بۆسەر هەولێر(ئەربیل) رەتدەکاتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدان و هەمووجۆرە هێرشێک رەتدەکەینەوە، ئاسایشی هەرێم یەکسانە بە ئاسایشی عێراق، ئەوەی روویدا هیچ پاساوێکی بۆ ناهێنرێتەوە و پێشینەیەکی مەترسیدارە بۆسەر ئاسایش و سەروەری خاکی عێراق”.
وتیشی، “لێکۆڵینەوەکان و هەماهەنگییەکان لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێم لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی و پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن”.
شایەنی باسە، شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێکهاتبوون لە جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنەکە حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا، گەیشتنە هەولێر و سەردانێکی مەیدانیی ئەو شوێنانەیان کرد، کە بە مووشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە مووشەکباران کرابوون.