سەفین دزەیی: پەکەکە باج و سەرانە لە خەڵک وەردەگرێت

سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھـەرێمی کـوردستان رایگەیاند، " ئایا کێ ئەو مافەی بە پەکەکە داوە کە ناوی ناوچەکان بگۆڕن، دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و سەرانە و باج لە خەڵک وەربگرن؟".

سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھـەرێمی کـوردستان رایگەیاند، " ئایا کێ ئەو مافەی بە پەکەکە داوە کە ناوی ناوچەکان بگۆڕن، دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و سەرانە و باج لە خەڵک وەربگرن؟".

سەفین دزەیی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی، باسی لە جموجۆڵ و بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ھەرێم کرد.

دزەیی، ئاماژەی بەوە کردووە کە پەکەکە لە ناوەراستی ھەشتاکانەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێمی کوردستان بوونی ھەبووە و لە نەوەتەکانیش شەڕ بەردەوام بووە.

وتیشی "لەسەرەتاوە دەبێـت بپرسین پەکەکە ئیشیان لەو ناوچانەدا چییە؟ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە حکوومەتێکی ھەڵبژێردراوە ئەو بەرپرسیارە لەو ناوچانە و پەکەکە لە ناوچەکانی وەکو قەندیل و بناری قەندیل خۆی وەکو بەدیل دادەنێت و ناوی ناوچەکان دەگۆڕن. ئایا کێ ئەو مافەی پێداون کە ناوی ناوچەکان بگۆڕن، دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و سەرانە و باج لە خەڵک وەربگرن؟".

سەفین دزەیی نیگەرانیی حکوومەت و خەڵکی کوردستان لەبەرامەر ئەو رەفتارانەی پەکەکە دەربڕی و رایگەیاند "پەکەکە خۆی لەو ناوچانە بە بەدیل و حاکم دەزانێت و ھەرێمی کوردستان و خەڵکی ھەرێمی کوردستان ١٠٠ ساڵە قوربانی دەدەن، خەبات و شۆڕشیان کردووە بۆ ئەوەی بگاتە ئەمڕۆ".

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھـەرێمی کـوردستان، باس لەوەش دەکات کە پەکەکە لە مەخموور و سنجار و تاکو نزیک کەرکووک و خانەقین کێشەیان لەگەڵ عێراق درووستکردووە.

دزەیی راشیگەیاند " باشە هەر شوێنێک کە پەکەکەی لێبێت ئەو گرفتانە درووستبکات دەبێـت لە ھۆکارەکەی بکۆڵیتەوە، ئایا دەستێکیان لە پشتە دەیانەوێـت ئەو ئەزموونە تێکبدەن و کێشە بۆ خەڵک درووستبکەن، یان ئەوەیە کە دەیانەوێت وەکو بەدیلێک خۆیان پێشکەش بکەن؟ بە ھەردوو حاڵەت ئەمانە قبوڵ نییە چەنکە ھەرێمی کوردستان بێخاوەن نییە و حکوومەت و پەرلەمان و دامودەزگای خۆی ھەیە. لە مەخموور و شنگال و تاکو نزیک کەرکووک و خانەقین کێشەیان لەگەڵ عێراق درووستکردووە و لە رۆژئاواش بە ھەمان شێوە".