سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاماری ئۆپەراسیۆنەکان بڵاودەکاتەوە

عەبدولوەھاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، رایگەیاند کە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە.

عەبدولوەھاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، رایگەیاند کە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە.

عەبدولوەھاب ساعدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان، باسی سەردانەکەی بۆ هەرێم و ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش، کرد.

سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی وتی "دوای سەردانەکەی ئەم دواییەم بۆ ھەرێم، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی باش پەرەی سەندوەوە، دوای ئاڵوگۆڕی زانیاری وردی ھەواڵگریی، ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستان لەلایەن دەزگای ئاسایشی ھەرێمەوە، رادەستمان کراوە".

ساعدی عێراق باسی لە ھۆکاری کەوتنی زۆربەی شارەکانی عێراق بەدەستی داعش لە ساڵی 2014دا کرد و وتی: "ھۆکاری کەوتنی شارەکان بە دەستی داعش لە ساڵی 2014دا، نەبوونی متمانە بوو لەنێوان دامەزراوە سەربازییەکان و ھاووڵاتییان، بەڵام دوای ساڵی 2016، پەیوەندیی نێوان دامەزراوە سەربازییەکان و ھاووڵاتییان باشبووە".

عەبدولوەھاب ساعدی ئاشکراشی کرد کە زانیارییان لەسەر بەناو خەلیفەی نوێ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەیە و رایگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکانمان دژبە پاشماوەکانی داعش بەردەوامە و لە میانی دوو ساڵی رابردوودا تا ئێستا، 300 تیرۆریستمان کوشتووە و 600ـی دیکەیشمان دەستگیرکردووە".

راشیگەیاندووە کە ھەوڵدەدەن فڕۆکەی (Black hawk) بکڕن کە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان.

عەبدولوەھاب ساعدی ئاماژەی بە رۆڵی ئێستای ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کرد و وتی "ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ئاسمانیی و لۆجستیی بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق".