سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان دەکات

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان كرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە لە زوترین کاتدا، دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت کە بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالێتیەکی باش دەبێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچون و ڕێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبونەی کرد کە فەرمانیكردوه‌ بۆ کرێنیشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم بە هاوکاری کەرتی تایبەت دروست بکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە لە زوترین کاتدا، دەست بە ڕێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت کە بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالێتیەکی باش دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی تەواوکردنی ئەو 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەش کرا کە چەند ساڵێکە دەست بە دروستکردنیان کراوە و تا ئێستا تەواو نەکراون، سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، لە ماوەیەکی نزیکدا، رێکارەکانی تەواوکردنی ئەو یەکانە تاووتوێ بکەن.