ئەمڕۆ یەکشەممە 04-09-2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری (DIT)ی حکومەتی کرد و لەلایەن هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەکە پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی حکومەت، دوای ئەوەی بەشەکانی فەرمانگەکەی بەسەرکردەوە، بۆ یەکەمجار داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەتی بە فەرمی کردەوە، کە ناوەندێکی گرنگیی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی حکومەت و هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێم و سیستەمێکی زانیارییە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو و پارێزراو کار دەکات و یارمەتییەکی زۆری دەزگاکانی حکومەتی هەرێم دەدات تا بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای دەستخۆشی کردن لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، بۆ کارامەیی و ئاستی بەرزی پێشکەوتووی فەرمانگەکەیان، دووپاتیشی کردەوە، کە بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم کە دەبێتە هۆی برەودان بەروونی و شەفافیەت و نەهێشتنی رووتین و بیرۆکراسی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێم بە شێوەیەکی خێراتر و باشتر.
سەرۆکی حکومەت تایبەت بە سەنتەرەکە وتی، “شانازی بەوە دەکەین کە خاوەنی سەنتەرێکی زانیاری پێشکەوتووی لەوجۆرەین و جێی خۆشحاڵییە، کە کارمەندان و ئەندازایاران و شارەزیانی بواری ئایتی ئەم فەرمانگەیە، دەرچووی زانکۆکانی کوردستانن و توانیویانە، ئەم سەنتەرە پێشکەوتووە دابمەزرێنن و بەڕێوەی ببەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەنتەرە یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆسەی چاکسازی و هاوکارییەکی زۆری دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و هاووڵاتییان بە گشتی دەکات و لە داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبینین.