سەرۆکی حکومەت بڕیاری لەسەر دامەزراندنی توێژێک دەرکرد

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەزامەندی دا لەسەر دامەزراندنی ئەو کەسانەی لە خانەکانی بێسەرپەرشت تەمەنیان گەیشتووەتە سەروو 18 ساڵ.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دامەزراندنی ئەو کوڕ و کچانەی کە لەماوەی سێ ساڵی رابردوو تەمەنیان گەیشتووەتە سەروو 18 ساڵ بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی".

لە نووسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دامەزراندنی ئەو کەسانە هاتووە کە، "خەرجکردنی مووچەکانیان بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019 دەبێت، بە مەرجێک لە ھیچ دامودەزگەیەکی حکومەت مووچەی دیکەی نەبێت".

ئەوەش هاتووە، کە ئەم فەرمانە لە رێکەوتی دەستبەکاربوونیانەوە جێبەجێ دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی کردووەتەوە کە ئەم دامەزراندنە بەردەوام دەبێت.