سەرۆکی ئۆکرانیا گەڕایەوە کۆشکی سەرۆکایەتی لە کیێڤ و پەیامێک ئاڕاستەی رۆژئاوا دەکات

سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ یەکەمجار دوای هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ رووسیا، گەڕایەوە کۆشکی سەرۆکایەتی

ڤلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کیێڤی پایتەخت بۆ یەکەمجار دوای هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ رووسیا، گەڕایەوە کۆشکی سەرۆکایەتی و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پەیامێکی ئاڕاستەی رۆژئاوا کرد و تیایدا رایگەیاندووە، "ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا نیازی نییە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا بوەستێنێت و پەل بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەتڵەسی باکوور(ناتۆ) داوێت".

لەمیانی گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە زیلینسکی چەند کۆمێنتێک بە زمانی ئینگلیزی ئاڕاستەی جیهان بە گشتی و رووسیا بە تایبەت دەکات و رایدەگەیێنێت، "من لە کیێڤ و لە بانکۆڤا(بنکەی سەرەکی سەرۆکایەتی)ـم، لە هیچ کەسێک و لایەنێک ناترسم و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ سەرکەوتن لەم جەنگەدا".

شایەنی باسە، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی سەرۆکی ئۆکرانیایە لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی گەرمی نێوان رووسیا - ئۆکرانیا کە لە 24ـی مانگی رابردووەوە زەنگی بۆ لێدرابوو. کە سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا کردبوو، ئابلووقەی ئاسمانی بخەنە سەر فڕۆکەکانی رووسیا و رێگری لە بۆردومانکردنی وڵاتەکەی بگرن، کەچی ئەم داواکارییەی جێبەجێ نەکرا.