لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، پێشوازیکرد لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار ئەمڕۆ چوارشەممە، 3-5-2023، لە بەغداد، لەتیف رەشید لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتی و گرنگترین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و خزمەتگوزارییەکان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها دوپات لە گرنگی پەلەکردن لەپەسندکردنی بودجەی گشتی و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پشتیوانیکردنی حکومەت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی کرایەوە، بەجۆرێک کە لەپێشینەی کارەکانی بەرجەستەکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان بەدیبهێنێت.
هەر لە دیدارەکەدا، ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ ئێران و دوا پێشهات و گۆڕانکاریە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە .