سەرۆککۆماری عێراق بە فەرمی بانگهێشتنامەی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی لە جەزائیر پێگەیشت

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی ئەیلولی 2022، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە عەبدولرەشید تبی، وەزیری دادی جەزائیر و نوێنەری تایبەتی عەبدولمەجید تەبوون سەرۆکی جەزائیر.

لە سەرەتای دیدارەکەدا وەزیری دادی جەزائیر سڵاو و رێزی عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆکی جەزائیری گەیاندە سەرۆککۆماری عێراق، هەروەها بانگهێشتنامەیەکی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی پێشکەش بە ناوبراو کرد کە بڕیارە تشرینی دووەمی داهاتوودا لە جەزائیر رێکبخرێت، هاوکات بەرهەم ساڵح لە رێگەی وەزیری دادی جەزائیر سڵاو و رێزی خۆی ئاڕاستەی عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆکی جەزائیر کرد و بانگهێشتنامەکەشی قبوڵکرد بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی و پشتیوانی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی لووتکەکە، چونکە گۆنگرەیەکی گرنگە بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و پتەوکردنی کارکردنی هاوبەشی عەرەبی.

هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی کارکردن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکان و هەماهەنگی هاوبەش لەپێناو هێنانە ئاراوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هەروەها باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان کرا و جەختکرایەوە لە پێویستی هەماهەنگی هاوبەش بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و کۆتای هێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە.