سەرۆککۆماری ئێران سەردانی ئەمریکا دەکات

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت، سەردانی ئەمریکا دەکات و بەمەبەستی کاراکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانیش چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات.

محەمەد جەمشیدی، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ئۆزباکستان بکات بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی شەنگەهای بۆ هاوکاری و، دواتریش بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرک دەکات.

بڕیارە کۆبوونەوەی ژمارە 77ی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە نیویۆرک دەستپێبکات و ماوەی چەند رۆژێک بخایەنێت، کە لە کۆبوونەوەکەدا دەیان پادشا، سەرۆک و کەسی یەکەمی وڵاتان بەشداری تیادا دەکەن.

جێی باسە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە هاووڵاتیانی ئێرانی لە ئەمریکا دژی سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەگەڵ 50 ئەندامی کۆنگرێس، داوایانکرد واشنتۆن ڤیزای هاتن بۆناو ئەمریکا بە سەرۆککۆماری ئێران نەدات.