سەرۆککۆماری ئێران: تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات و ئەو کارەش لە بەرنامەیدا نییە

ئەمڕۆ چوارشەممە 21-09-2022، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "شۆڕشی ئیسلامی خەڵکی ئێرانی رزگارکرد و سەرەڕای پیلانەکانیش، توانیومانە گەلی ئێران بپارێزین. هەروەها تاران جەخت دەکاتەوە کە هەموو ستەمێک لە ئایین و مرۆڤایەتی رەتدەکەینەوە و باوەڕمان بە چارەنووسی هاوبەشی گەلان و دادپەروەری جیهانیش هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەیان پارێزگاری لە مافەکانی گەلی ئێران و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دەکات و پشتیوانیش لە دادپەروەری دەکات لە هەر کوێیەکی جیهان بێت، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئێستا پێویستییەکی بەپەلە بۆ جیهانێکی باشتر و دادپەروەرتر هەیە.

رەئیسی لە لێدانەکەیدا وتیشی، "ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی گەلان دەکاتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئێرانیش دەیان ساڵە سەرکەوتووانە رووبەڕووی پیلانەکان و دەستوەردانی دەرەکی لەلایەن وڵاتانی زلهێز بووەتەوە کە سەرکەوتن و پێشکەوتەکانی گەلانی ئێرانیان قبووڵنەکردووە".

تایبەت بە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن وڵاتەکەیەوە، رەئیسی وتی، "تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم نادات و ئەو بابەتەش لەبەرنامەی ئەواندا نییە".