سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی یەکێتیی لە بەغداد کۆبوونەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق له‌گه‌ڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان كۆبووه‌وه‌ و دڵنیاییدا له‌وه‌ی كه‌ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم پارێزراو دەبێت و بەزووترینکات 400 ملیار دینارەکە رەوانەی هەرێم دەکرێت.

نووسینگه‌ی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و پرسە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان تاوتوێکران و جەخت لە پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی لەچوارچێوەی پابەندبوون بە دەستوور کرایەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە جێبەجێکردنی خاڵە نیشتمانی و دەستوورییەکان کردەوە کە لە بەرنامەی حکومەتی نوێدا جێگیرکراون و داوای لە سەرۆکوەزیران کرد شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت و وتی، "رێککەوتنە نیشتمانییەکەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە نەخوازراوەی عێراقی تێکەوتبوو، بەڵام لەوەش گرنگتر پابەندبوون و جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەیە کە فاکتەری سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانەییە لە وڵاتدا".

تاڵەبانی لەمیانی کۆبوونەوەکەدا داوایکرد، "لێژنەکانی گفتوگۆ و دانوستان کاراتر بکرێن و لەبەرامبەر خواستی خەڵک و داواکارییەکانیان نەرمی بنوێنرێت".

سەبارەت بە 400 ملیار دینارەکەش، "سەرۆکوەزیرانی عێراق تاڵەبانی دڵنیاکردەوە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم پارێزراو دەبێت و بەزووترینکات 400 ملیار دینارەکە رەوانەی هەرێم دەکرێت".