سەرۆکایەتی هەرێم: کۆتا وادە بۆ ئەنجامدنی هەڵبژاردنەکان پێویستە مانگی چواری ساڵی داهاتوو بێت

فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم،  بە میدیاکانی راگەیاند، لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، چاوەڕێی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتین، بۆ ئەوەی دواتر وەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامبدەین و وادەی هەڵبژاردن دیاریبکەین.

هەریری ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دوورترین ماوەدا، مانگی چواری ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

شایەنی باسە چاوەڕێ دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا، پارتی و یەکێتی لەسەر دوایین کۆسپەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کۆببنەوە، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، بەتایبەت لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن، کە یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکە داوای فرە بازنەیی دەکەن، لە بەرامبەردا پارتی پێشنیازیکردووە سیستەمی هەڵبژاردن له‌ سه‌دا پەنجا یەک بازنە بێت و سەتا پەنجاش فرە بازنە بێت.

ئەگەر هەڵبژاردن بۆ مانگی چواری ساڵی داهاتوو دوابخرێت، پێویستە پەرلەمانی کوردستان-عێراق لەو ماوەیەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن کارابکاتەوە، دواتر تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە.