سەدر بۆ لایەنگرانی لە پارێزگاکان: نوێژ بکەن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانتان
ئەم داواکارییە جگە لە بەغداد گشت پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەگرێتەوە
ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری موقتەدا سەدر ناسراوە پەیامێکی بۆ لایەنگرانی سەدر بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لایەنگرانی رەوتی سەدر لە پارێزگاکانی عێراق، نوێژ بکەن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانتان.
ئەوەش هاتووە، ناوبراو زۆر سوپاسی پشتیوانی و یەکهەڵویستی لایەنگرانی سەدر دەکات لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و پێیان رادەگەیەنێت، نوێژ بکەن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانتان.
جێی باسە، تا ئێستا لایەنگرانی سەر بە موقتەدا سەدر لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماون و لە مانگرتن بەردەوامن. دوو رۆژ بەر لە ئێستا بەمەبەستی سەرکۆنەکردنی کاندیدکرانی محەمەد شیاع سودانی کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندیدکرابوو، لایەنگرانی سەدر سەرجەم بەربەستەکانیان شکاند و گەیشتنە نێو ناوچەی سەوز.