سەدر: بابەتی سووتاندنی قورئان لەلایەن هاووڵاتییەکی سویدی ناچێتە چوارچێوەی ئازادییەوە

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، بابەتی سووتاندنی قورئان لەلایەن هاووڵاتییەکی سویدی و پاساوەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی لە سزادان، ناچنە چوارچێوەی ئازادییەوە و دەبێت تۆمەتبار سزابدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوا دەکات واژۆی ملیۆنی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو رووداوە کۆبکرێتەوە و رادەستی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد بکرێت.

شەوی رابردوو، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی سووتاندنی قورئان لەلایەن سیاسەتمەدارێکی راستڕەوی توندڕەو لە سوید، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵەکانی حکومەتی سوید بۆ پاراستنی ئەو تۆمەتبارەی قورئانی سووتاند قبوڵنەکراوە، چونکە ئەو کارەی ئەنجامیداوە ناچێتە چوارچێوەی ئازادییەوە، بۆیە داوا دەکات لە وتاری هەینیدا بە زمانێکی توند وەڵامی ئەو بێڕێزییە بدرێتەوە و مسوڵمانانیش بە قورئانەوە بەرەو نوێژی هەینی بچن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوا دەکات واژۆی ملیۆنی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو رووداوە کۆبکرێتەوە و رادەستی باڵیۆزخانەی سوید بکرێت، بەڵام لە هەموو دۆخێکدا نابێت پەنا بۆ توندتیژی ببرێت.

راشیگەیاند، ئەگەر لە 24 کاتژمێری داهاتوودا حکومەتی سوید سزای تۆمەتباری رووداوەکەیدا، ئەو هەنگاوانەی سەرەوە پێویست ناکات ئەنجام بدرێن.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، کە ڕاسموس پالودان، سیاسەتمەداری راستڕەوی توندڕەو رۆژی شەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئاگری لە کۆپییەکی قورئانی پیرۆز بەردا و ئەوەش ناڕەزایی مسوڵمانانی لە سەرانسەری جیهاندا لێکەوتەوە.