سێ کەس لە سلێمانی بەهۆی سەیرکردنی خۆرگیرانەوە، تۆڕی چاویان سووتاوە

لە سنووری پارێزگای سلێمانی سێ کەس بەهۆی سەیرکردن و بینینی خۆرگیرانەوە تۆڕی چاویان سووتاوە. دووکەس لەوان دوێنێ سەردانی دکتۆریان کردووە کە هەریەکەو بەڕێژەی 60% بۆ 70% زیان بەرچاویان گەیشتووە.

کەسەکانیش دوو گەنجی کوڕ بوون و تەمەنیان نزیکەی 20 بۆ 25 ساڵ بووە، سەرەڕای ئەوەی زانیویانە کە سەیرکردنی خۆرگیران زیانێکی زۆریان پێدەگەیەنێت بەڵام پێداگریان کردووە، یەکێک لەوان دەڵێت، "کاتێک سەیری خۆرەکەم کردووە چاوێکم گرتوو و بە چاوێکی دیکە سەیرم کردووە وتوومە ئەگەر چاوێکم لەدەستدا بە چاوێکم هەر بمێنێت"، ئەوی دیکەیان چاویلکەشی بەکارهێناوە، بەڵام بەیانییەکەی کاتێک لەخەو هەستاوە چاوی ناروون بووە.

هاوکات، یەکێکی دیکەش لە قوربانیانی خۆرگیرانەکە دوێنێ لە سەیدسادق بووە، دوای ئەوەی سەردانی دکتۆری کردووە و پێی راگەیاندووە، "دکتۆر دوێنێ تەماشای خۆرگیرانەکەم کردووە، ئەمڕۆ هەست دەکەم چاوم تەڵخبووە". دوای پشکنین بۆی دەردەکەوێت تۆڕی هەردوو چاوی سووتاوە، بەڵام سووتانەکە قووڵ نییە.

پاشنیوەڕۆى 25ى تشرینى یەکەم خۆرگیران لە هەرێم لە کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ روویدا و تاکو 3:30 خولەکى پاشنیوەڕۆ بەردەوام بوو. پزیشکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشتر هۆشداریان دابووە هاونیشتمانیان کە لە کاتی خۆرگیرانەکە تەماشای خۆر نەکەن، چونکە زیان بە چاوەکانیان دەگەیەنێت.