سیستەمی کارەبای سلێمانی دەبێتە 24 کاتژمێری و چاوەڕواندەکرێت پارێزگاکانی تریش پەیڕەوی سیستەمەکە بکەن

بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی روونیکردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە مۆلیدە ئەهلییەکان لە شەوی داهاتووەوە کارەبای 24 کاژێری دابیندەکەن، بەرپرسی ئەنجومەنی مۆلیدەکانی هەولێریش دەڵێت ئەوانیش هەمان سیستەم پەیڕەو دەکەن.

رۆژی سێشەممە 31-05-2022، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە میدیاییکی ناوخۆیی راگەیاند، داوایان لە سەرجەم خاوەن مۆلیدەکانى ناو شارى سلێمانى کردووە، کە بەهۆی بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرماوە بەرنامەى کارکردنى مۆلیدەکان لە کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوەوە بگۆڕن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاتژمێر کار بە مۆلیدەکانیان بکەن.

لە سنووری پارێزگای هەولێریش هەمان سیستەم پەیڕەو دەکرێت، رۆژی دووشەممە 30ـی ئایاری 2022، بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر(ئەربیل) ئاماژەی بەوەکرد، لە هەولێر لە 16ی ئایارەوە کارەبای 24 کاژێرییان لەگەڵ کارەبای نیشتمانیدا بۆ هاونیشتمانیان دابینکردووە.

لە دهۆکیش سیستەمی کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان جیاوازە لە شارەکانی دیکە و هەموو وەرزەکانی ساڵ لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا مۆلیدەکان 24 کاتژمێر کارەبا بۆ هاونیشتمانییان دابیندەکەن، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە هەموو مانگەکان نرخی کارەبای ئەمپێڕی مۆلیدە لە دهۆک بەرزتربێت لە پارێزگاکانی دیکە.

تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە، بڕیاری کارەبای 24 کاژێرییان پێنەداوە، بەڵام سبەینێ چوارشەممە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت کە چۆن مۆلیدەکان کاربکەن لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا.

بەپێی وەزارەتی کارەبا ئێستا خواست لەسەر کارەبای نیشتمانی 3 هەزار و 700 بۆ 3 هەزار و 900 مێگاواتە؛ بەرهەمیش 3 هەزار و 100 مێگاواتە.