سکاڵای یاسایی دژی مالیکی تۆماردەکرێت

لە سکاڵاکەدا داواکراوە، نوری مالیکی بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق بخرێتە زیندان

نەسار روبەیعی، سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر لە دادگای کەرخی سێی بەغداد، سکاڵا لە دژی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا تۆمار دەکات و لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەشدا دەڵێت، "نووری مالیکی لە تۆمارە دەنگییەکاندا حەشدی شەعبی بە نەتەوەیەکی ترسنۆک ناوهێناوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی ئەیلولی 2022، نەسار روبەیعی سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر سکاڵاکەی تۆمارکردووە و هۆکارەکەی بۆ ناوەڕۆکی ئەو تۆمارەدەنگییانە گەڕاندووەتەوە کە گوایە هی نوری مالیکین.

روبەیعی لە سکاڵاکەیدا رایگەیاندووە، "نوری مالیکی لە تۆمارە دەنگییەکاندا حەشدی شەعبی بە نەتەوەیەکی ترسنۆک ناوهێناوە، هەروەها باسی کوشتن و هێرش بۆ سەر نەجەف و کوفە کردووە".

بەپێی سکاڵاکەی روبەیعی، مالیکی گوتوویەتی "من تاکەکەس بوومە موقتەدا سەدرم کردووەتە ئامانج" و "هەروەها هەوڵی پڕچەککردنی خێڵ و عەشیرەکانی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت داوە".

سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر داوایکردووە نوری مالیکی بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، گەشتی دەرەوەی لێ قەدەغە بکرێت و بخرێتە زیندان.

سکاڵای ناوبراو دوای ئەمەدێت کە لە ماوەی رابردوودا چەندین تۆماری دەنگی کە گوایە هی نوری مالیکین، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی ناوخۆیی فراوانی لێکەوتەوە. لە هەمان کاتیشدا نوری مالیکی رەتیکردووەتەوە تۆمارە دەنگییەکان هی ئەو بن.