سوپای پاسداران هێرشەکەی هەولێر لە ئەستۆ دەگرێت

سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێری (ئەربیل) لە ئەستۆ گرت.

سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێری (ئەربیل) لە ئەستۆ گرت.

شەوی رابردوو بە 12 مووشەک هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای هەولێر (ئەربیل).

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لەبارەی هۆکاری هێرشەکەوە رایگەیاند، "لە ئەنجامی تاوانەکانی ئەمدواییەی رژێمی ساختەی زایۆنی و راگەیاندنی پێشتر بەوەی کە ئەو تاوانانە بێ وەڵام نامێننەوە، شەوی رابردوو ناوەندی ستراتیژیی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنیستەکان بە مووشەک بەهێزەکانی سوپای پاسداران کرانە ئامانج".

لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە، "جارێکی دیکە هۆشداری بە رژێمی تاوانکاری زایۆنی دەدەین دووبارەکردنەوەی هەر ئاژاوەنانەوەیەک بە وەڵامی تووند و یەکلاکەرەوە و وێرانکەر رووبەڕوو دەبێتەوە". هەروەها دەشڵێت، "دڵنیایی دەدەینە گەلی مەزنی ئێران، ئاسایش و ئارامی نیشتمانی ئیسلامی هێڵی سووری هێزە چەکدارەکانی ئێران و رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ببێتە مایەی هەڕەشە و دەستدرێژی بکاتە سەر".

هێرشەکە زیانی ماددی لێکەوتەوە و دوو کەسیش بە سووکی برینداربوون.