سوپای عێراق هێزی ئەمنی بۆ کەرکوک دەنێرێت

دوای زیادبوونی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، سوپای عێراق بریاری داوە هێزی پشتیوانی زیاتر بۆ کەرکوک دابین بکات.


لەو راگەیەندراوێکدا کە له‌لایه‌ن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکەوە ئاماژە بەوە کراوە، قاسم محەمەدی، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکانی شارەکە کۆبووەتەوە.


باس لەوەکراوە، سوپای عێراق بەمەبەستی رێگرییكردن لە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کەرکوک بڕیاری داوە هێزی پشتیوانی بۆ گوندەوارەکان دابین بکات.


لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوەش کراوە بەمەبەستی پاڵپشتی کردنی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی کە لە هەندێک ناوچەی باشووری کەرکووک له‌ ئەرکدان، سوپا جێگیر دەکەن و ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتی پێویستدا دەتوانن پاڵپشتییەکە زیاتر بکەن.


لەبارەی ژمارەی هێزەکەوە، زانیاری لەسەر ژمارەی هێزی پشتیوانییەکە بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ و جەخت لەوە کراوەتەوە بۆ رێگرتن لە رووداوە تیرۆریستییەکان کە لە ماوەکانی رابردوو لە کەرکوک زیادی کردووە، رێكاری پێویست ده‌گرنه‌به‌ر.