سوپای رووسیا کشانەوەی خۆی لە خێرسۆن راگەیاند

سێرگی شوێگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا رۆژی چوارشەممە فەرمانی بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا کرد، ئەو شارەی کە هێزە ئۆکرانییەکان چەند هەفتەیەکە پێشڕەوییان تیادا کردووە.

لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ سێرگی سورۆڤکین، فەرماندەی هێزەکانی رووسیا، شوێگۆ وتی، "دەست بە کشانەوەی هێزەکان بکەن". ئەم کشانەوەیەش پێشنیاز کرابوو بۆ ئەوەی هێڵەکانی بەرگری لە بەری چەپی رووباری دنیپرۆ بەهێزبکرێت.

میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی چوارشەممە لە تویتێکدا نووسیویەتی، "ئێمە هیچ نیشانەیەک نابینین پێشانی بدات رووسیا بێ شەڕ خێرسۆن جێدێڵێت، "ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت ئەو راگەیەدنراوەی رووسیا "فێڵێکی وەزیری بەرگریی رووسیا" بێت.

دوای ئەوەی رووسیا لە 24ی شوباتی ئەمساڵ لە ژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت" ‌هێرشی کردەسەر ئۆکرانیا، خێرسۆنی وەک یەکەمین شار کۆنتڕۆڵکرد.