سووننەکان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی: ناکرێت دەست بۆ بژێوی خەڵکی هەرێم ببرێت

سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری سووننەکان دژی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بۆ هێنانەکایەی سەقامگیری لە وڵاتدا هەوڵێکی زۆردراوە و هیچ دامەزراوەیەکی عێراق بۆی نییە ئەو سەقامگیرییە بخاتەژێر هەڕەشەوە، جەختیش دەکاتەوە کە دەستبردن بۆ بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقە.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری کە گەورەترین هاوپەیمانی سووننەکانە لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەشکرد، "لایەنە نیشتیمانییەکان هەوڵی زۆریانداوە تاوەکو سەقامگیری لە وڵاتدا هاتەدی، بۆیە هیچ دامەزراوەیەکی عێراق بۆی نییە ئەو سەقامگیرییە بخاتەژێر هەڕەشەوە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "خەڵکی هەرێمی کوردستان خەڵکی ئێمەن و ناکرێت دەست بۆ بژێویان ببرێت، چونکە دەستبردن بۆ بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقە".

دوێنێ چوارشەممە (26ـی کانوونی دووەم) دادگەی فیدراڵی عێراق، بڕیارێكی بۆ به‌ نایاسایی ناساندنی بڕیاری ناردنی شايسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دەرکرد و، بڕیارەکەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.