محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی دیوانی چاودێری کۆبووەوە و رایگەیاند، حکومەت بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بە تاڵانبراوەکانی وڵات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2023، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی دیوانی چاودێری کۆبووەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوایین پەیامی خۆیدا ئاماژەی بە پرسی گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و گێڕانەوەی پارە بە تاڵانبراوەکانی وڵات کرد و رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی هەوڵەکانی بەردەوامن بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کارگێڕی بۆ گێڕانەوەی پارە بە تاڵانبراوەکانی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستگیرکردنی داواکراوان کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی و لە دەستەی دەستپاکی داواکراون، یەکێکی دیکەیە لەکارە لەپێشینەکانی حکومەتی فیدڕاڵی.