محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ دمیترۆ کوڵیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا کۆبوویەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە بەغداد پێشوازیی کردووە لە ، دمیترۆ کوڵیبا.
راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنیەتی پتەوترکردنی ئالوگۆڕی بارزگانیی و ئابووریی نێوان عێراق و ئۆکراینا تاوتوێ کراوە.
سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی ھاوکارییەکان لەنێوان ھەردوو وڵاتدا و ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق جەنگ رەت دەکاتەوە و لەگەڵ ئەوەدایە کە کێشە و ناکۆکییەکانی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەڕێگای گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا خواستی وڵاتەکەی بۆ کاراکردنی لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات نیشانداوە و رایگەیاند کە حکوومەتی ئۆکراینا رۆڵی عێراق لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی، ھەروەھا دەستپێشخەریەکانی عێراق بۆ ئاشتیی بەرز دەنرخێنێت.