سوودانی: ناتوانین بەردەوامبین لەسەر پشتبەستن بە فرۆشتنی نەوت وەکو سەرچاوەی داهات

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناتوانین لەسەر سیاسەتی پشتبەستن بە فڕۆشتنی نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکی داهاتی بودجەی وڵات بەردوامبین، چونکە نەوت خەزێنەی وڵاتە و ناکرێت بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەیەک لە دیوانییە تایبەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری راستەقینە رایگەیاند، ناکرێت لەسەر سیاسەتی پشتبەستن بە فڕۆشتنی نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکی داهاتی بودجەی وڵات بەردوامبین، چونکە نەوت خەزێنەی وڵاتە و ناکرێت بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هۆشداریشیدا لەبارەی مەترسییەکانی گەندەڵی ئیداری و دارایی لە پارێزگاکان.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران کە تیایدا هاتووە، "لەمیانی کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە وەزیری تەندروستی و وەزیری کشتوکاڵ تیایدا ئامادەبوون، سوودانی وتی، ئامانج لە سەردانیکردنی پارێزگای دیوانییە گەیاندنی پەیامی حکومەتی نوێیە بۆ دانانی بناغە و مەنهەجی حکومەت لەم ماوەیەدا".

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئامانجی سەرەتاییمان روون و ئاشکرایە کە بریتیە لە هەوڵدانی جیددی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە کە ئاستەنگییان بۆ رۆڵەکانی ئەو گەلە لەبوارە جیاجیاکانی ژیانکردن و خزمەتگوزاری دروستکردووە".

لەلایەکی دیکەشەوە سوودانی جەختی لەوەکردووەتەوە، "ناتوانین لەسەر سیاسەتی پشتبەستن بە فڕۆشتنی نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکی داهاتی بودجەی وڵات بەردوامبین، چونکە نەوت خەزێنەی وڵاتە و ناکرێت بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو پێویستە دەست بە پڕۆژەی دیکە بگرین".