سوودانی: رێگە نادەین عێراق ببێتە پێگەی هێرشکردن بۆ سەر دراوسێکانی
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سوودانی: رێگە نادەین عێراق ببێتە پێگەی هێرشکردن بۆ سەر دراوسێکانی

سوودانی: رێگە نادەین عێراق ببێتە پێگەی هێرشکردن بۆ سەر دراوسێکانی

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
سوودانی: رێگە نادەین عێراق ببێتە پێگەی هێرشکردن بۆ سەر دراوسێکانی
0

لایک

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی 11ـی 2022 لە کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختی کردەوە کە عێراق رێگە نادات ببێتە پێگەی هێرشکردن بۆ سەر دراوسێکانی.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ عەلی خامەنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتی سەردانە فەرمییەکی بۆ تاران کۆبووەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: لەم کۆبوونەوەیەدا سوودانی سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ پشتگیریکردن و پاڵپشتیکردنی عێراق لە جەنگی دژی تیرۆر، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی ئەو هەوڵە هاوبەشانەی کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی و ماددەهۆشبەرەکان.

راشیگەیاند: سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەگرنگی بەردەوامی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات لەبوارە جیاجیاکانی دا، روونی کردەوە کە حکوومەتی عێراق پێگیرە بە دەستوور رێ بگرێت عێراق ببێتە پێگەی هێرشکردن بۆ دراوسێکانی.

ئەوەشی خستەڕوو کە “سوودانی لەم کۆبوونەوەیەدا دووپاتی کردەوە کە حکوومەتەکەی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان لەسەرووی کارە لە پێشینەکانی داناوە، هیواشی خواست پەیوەندی تۆکمە لەگەڵ ئێران ببێتە هۆی زیاتر جێبەجێکردنی ئەم کارانە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە کە لەلای خۆیەوە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامەنەیی، پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بە بۆنەی وەرگرتنی ئەرکی سەرۆکایەتی حکوومەت، جەختیشی کرد کە عێراق وڵاتێکی گەورەیە بە سامان و گەنجەکانی و گەلەکەی شایستەی سەقامگیری و خزمەتگوزارییەکانە. هەروەها خامەنەیی وتی “ئاسایشی عێراق ئاسایشی کۆماری ئیسلامیە”، و داوای لە گەلی عێراق کرد زیاتر یەکگرتوو و یەکڕیز بێت.