سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه كۆبووه‌وه
ئه‌مڕۆ دووشه‌مە سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان چاوی كه‌وت به ژماره‌یه‌ک له فه‌رمانده و ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیران بڵاوی كرده‌وه: محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌مڕۆ دووشه‌مە چاوی كه‌وت فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ژماره‌یه‌ک له فه‌رمانده و ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
راشیگه‌یاند، له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكوه‌زیران له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندانی هێزی پێشمه‌رگه پیرۆزبایی لێ كرا به بۆنه‌ی ده‌ستكردنی به ئه‌رک و كاره‌كانی، هه‌روه‌ها رێكار و بڕیاره‌كانیشی له بواری دابینكردنی ئارامی و سه‌قامگیریدا به گرینگ نرخێنرا.
لای خۆشییه‌وه محه‌مه‌د شیاع سوودانی قاره‌مانی هێزی پێشمه‌رگه و پاسه‌وانی هه‌رێم و قوربانیدانهكانیان له جه‌نگی دژ به تیرۆرستانی داعش به‌رز نرخاند. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه چاره‌نووسی عێراق یه‌كگرتووه و ئاله‌نگارییه گه‌وره‌كان و رووبه‌رووبوونه‌وه‌یان پێویستی به یه‌كڕیزی و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش هه‌یه له‌گه‌ڵ بڕیار و راسپارده‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵ.
فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان دووپاتیشی كرده‌وه كه به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت پێشكه‌شكردنی پاڵپشتی فراوانه بۆ ده‌زگا ئه‌منی و هێزه چه‌كداره‌كان به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركیان له دابینكردنی ئارامی و سه‌قامگیری و به‌رگریكردن له یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق.