ئهمڕۆ شهممه 24-09-2022، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی له روونكردنهوهیهكدا بڵاویكردهوه، دوای ئەوەی له 22ـی ئهم مانگهدا لە خوێندنگایەک لەناوشاری سلێمانی زیاتر 100 خوێندکار بەحاڵەتی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی د.جمال احمد رشید تایبەت بە منداڵانیان كرد بەمەبەستی بەدواداچوون لەو حاڵەتە، راستەوخۆ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لێژنەیەکی تایبەت لە (چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگاکان) راستەوخۆ بەدواداچوون بکرێت لەدۆزینەوەی حالەتەکان و نموونەی ئاو بۆپشکنینی تاقیگەی وەربگیرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەنجامدان و پشکنینی خوێندکاران دەرکەوت کە لە فرۆشگای خوێندنگاکە بەشێوەیەکی (نا تەندروست) خواردن ئامادەکرابوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی وتیشی، “دوای وەرگرتنی نموونەی سەرچاوەی دابینکردنی ئاو لە خوێندنگاکە دەرکەوت ئەو ئاوەی لەڕێگەی بیرهوە دابیندەکرێت و خوێندکاران بەکاریدەهێنن لەڕووی (بەکتریۆلۆجی) وە (نەشیاوە) بۆخواردنەوە ناگونجێت”.
بەهار رەمەزان، سەرۆکی لێژنەی چاودێریکردنی دایەنگە و باخچە و فرۆشگای قوتابخانەکان پێشتر له لێدوانێكدا رایگەیاندبوو، لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ ژههراویبوونی 100 خوێندكار کردووه و لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونی فرۆشگاکە بووە، بۆ ئەم مەبەستەش قوتابخانەکە لەلایەن لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییەوە بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکانەوە داخراوە.