سلێمانی.. دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە چەند شوێنێک دەستگیرکران

دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە دزییان لە چەند شوێنێک لە سیتەک كردبوو.

مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەک بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ئەو سنوورە دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە دزییان لە نزیكەی 30 شوێن لە سیتەک كردبوو.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە، "دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەک سكاڵایان تۆماركرد كە لە سنووری سیتەک دزییان لێكراوە، هێزەكانی پۆلیسی لێكۆڵینەوە بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردووە و دوای چاودێریكردن توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی سیتەک بەهاوكاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی ئەو سنوورە دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیرابەسەر چەند پارچە چەكێک و بڕێک پارەو كەل و پەلی دزراودا لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک كە تایبەت بە تۆمەتباران بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا تۆمەتباران ( م،أ،أ لەدایكبووی 1996 و س،ل،ح لەدایكبووی 1971) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

پۆلیسی سیتەک بەمشێوەیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات بچن بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکانیان و دەڵێت، "لێرەوە داوا لە هاووڵاتیانی ئەو سنوورە دەكەین كە دزییان لێكراوە و كەلوپەلەكانی خۆیان دەناسنەوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سیتەک بكەن بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا ".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – راگەیاندن و پەیوەندییەكان