سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و هه‌ریه‌ک له سه‌رۆكی توركیا و ئۆكرانیا، له پرێس كۆنفرانسێكدا له کۆشکی پۆتۆچکی لە شاری لڤیڤی ئۆكرانیا، ئاماده‌ییان نیشاندا بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگی ئۆكرانیا.
ڤۆڵۆدیمێر زێلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له میانی پرێس كۆنفرانسەکەدا له لڤیڤ رایگه‌یاند، خه‌ڵكانێک شار و وڵاتمان به مووشه‌كی كرۆز بۆردومان ده‌كه‌ن، بڕوا ناكه‌م ئاشتیان بوێت، متمانەم بە رووسیا نییە.
ئه‌نتۆنیۆ گوتێرێز، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له پرێس كۆنفرانسێكی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له ڤۆڵۆدیمێر زێلینسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا، داوای له ئۆكرانیا و رووسیا كرد، له رێككه‌وتنی هه‌نارده‌ی گه‌نم بۆ بازاڕه‌كانی جیهان به‌رده‌وامبن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، نرخی دانه‌وێڵه له‌جیهاندا به‌ره‌و جێگیربوون ده‌چێت، له‌مانگی رابردوو 25 كه‌شتی دانه‌وێڵه له به‌نده‌ره‌كانی ئۆكرانیا هه‌نارده كراون.
گوتێرێز وتیشی، “پێویسته چه‌ک و سه‌ربازه‌كان له وێستگه‌ی زاپۆریژیا دووربخرێنه‌وه”.
له لایه‌كی دیكه‌وه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکكۆماری توركیا، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی نیشاندا بۆ نێوه‌ندگیری له نێوان رووسیا و ئۆكرانیا، له پێناو چه‌سپاندنی ئاشتی و كۆتاییهێنان به جه‌نگ له نێوان هه‌ردوولا.
ئەردۆغان راشیگه‌یاند، توركیا 325 هه‌زار ئاواره‌ی ئۆكرانی له‌خۆگرتووه، كه به‌هۆی جه‌نگه‌وه روویان له توركیا كردووه، پشتیوانی ته‌واوی وڵاته‌كه‌شی نیشاندا بۆ دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی ئۆكرانیا كه به‌هۆی جه‌نگه‌وه زیانیان پێكه‌وتووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، سەرۆککۆماری تورکیا دووپاتیكرده‌وه، كه له كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی سێقۆڵیدا جه‌ختیان له پاراستنی یه‌كێتی خاكی ئۆكرانیا كردووه‌ته‌وه و راشیگه‌یاند، هیوادارین گرژی و ئاڵۆزییه‌كان به زووترین كات كۆتاییان پێبێت و نامانه‌وێت جارێكی دیكه رووداوی چێرنۆبڵ دووباره‌بێته‌وه.