لە گۆڕەپانی حەبووبییە لە شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار خۆپیشاندان دژی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی بەڕێوەچوو.
خۆپیشاندەرێکی شاری ناسریە دەڵێت، “پێشتر ئەم سیستمانەمان رەتکردووەتەوە؛ سیستمی پشکپشکێنە و میلیشیا تاوانکارەکان. دوای پێکهێنانی ئەم حکومەتەش، ئێمە حکومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی رەتدەکەینەوە”.
بەشێک لە خۆپیشاندەران بە ماتۆڕسیکلەکانیان بەنێو شەقامەکانی ناسرییە سووڕانەوە؛ بەشێکی دیکەیان شەقامەکانییان داخست و تایەی ئۆتۆمبێلیان سووتاند و دووکەڵی رەش ئاسمانی شارەکەی داگرت.
بەشێک لە گەنجانی شارەکە داوا دەکەن خوێنی کوژراوانی خۆپیشاندەرانی چەند ساڵی رابردوو بە کەم سەیر نەکرێت و سزای بکوژی خۆپیشاندەران بدرێت.