زیاتر لە 5 ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە پارێزگای نەجەف

لای سوننەکانی عێراق دووشەممە 10ی مانگی موحەڕەم بوو، لای شیعەکانیش ئەمڕۆ سێشەممە 10ی موحەڕەمە

پارێزگاری نەجەف رایدەگەیێنێت، بۆ بەشداریکردن لە زیندووکردنەوەی 10 رۆژی یەکەمی مانگی موحەڕەم، زیاتر لە پێنج ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە نەجەف.

ماجد وائیلی، پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە یادی عاشوورا وەکو خۆی و بە شێوەیەکی "زۆر باش" بەڕێوەدەچێت، جموجۆڵی هاتووچۆ لە پارێزگاکەدا بەردەوامە، هیچ کێشەیەک لە شەقامەکان دروست نەبووە.

پارێزگاری نەجەف راشیگەیاند، "ژمارەیەکی زۆر زیارەتکار لەم رۆژانەدا سەردانی پارێزگاکەیان کردووە، بۆ زیندووکردنەوەی ئەو یادە و بەشداریکردن لەو رێوڕەسمە، "لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تائێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە شاری نەجەفی کۆن".

وائیلی وتیشی، "59 تیمی پزیشکی لە نەجەفی کۆن و قەزا و ناحیەکان بڵاوەیان پێکراوە و تەواوی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشکی بۆ زیارەتکاران فەراهەم کراون".

لای سوننەکانی عێراق دووشەممە 10ی مانگی موحەڕەم بوو، لای شیعەکانیش ئەمڕۆ سێشەممە 10ی موحەڕەمە.