زانکۆی سەڵاحەددین بڕیاری یەکپۆشی بۆ خوێندکاران پەسەندکرد

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین رایگەیاند، دوای دەرچوونی ئەنجامی راپرسی بۆ بڕیاری یەکپۆشی خوێندکاران زانکۆی سەڵاحەدین بڕیارەکەی پەسەندکردووە.

کامەران یونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی نوێ بڕیاری یەکپۆشی جێبەجێدەکەن.

هاوکات زانکۆی سەڵاحەددین ئەنجامی ئەو راپرسییە ئەلیکترۆنییەی بڵاوکردووە کە تێیدا خوێندکاران دەنگیان بە یەکپۆشی لە زانکۆکەیاندا دابوو.

لە راپرسییەکەدا، ٧٠.٦٪ـی خوێندکاران دەنگیان بە یەکپۆشی داوا و ٥٨.٣ـیان پێان باشە لە نێوان جلوبەرگی کچان و کوڕاندا جیاوازی هەبێت و ٧٤.٦ـی خوێندکاران پێیان باشە جلەکانیا رەنگی رەش و سپی بێت.

هاوکات، ٦٤.٦٪ـی خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین پێیان وایە یەکپۆشی کاریگەری دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابی.

د. کامەران یونس ئاماژەی بەوە دا کە هەر قوتابییەک پابەند نەبێت بە بڕیاری یەکپۆشی، "یەکەمجار سزای ئاگادارکردنەوەی پێدەدرێت، جاری دووەم سزای هۆشداری پێدەدرێت و جاری سێیەم دەبێتە دوورخستنەوە (فصل) بۆ ماوەی یەک هەفتە".

سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین دەڵێت، ئەو بڕیارە بۆ قەدەخەکردنی پەچە و باڵاپۆشیی نییە و گوتی: "ئەو بڕیارە نە بۆ قەدەخەکردنی نیقابە، نە بۆ قەدەخەکردنی تەنوورەیە و نە بۆ قەدەخەکردنی باڵاپۆشییە (حیجاب)، بەڵکو تەنیا بۆ یەک رەنگییە".