زاخۆ.. ئاگر لە کەمپێکی ئاوارەکانی شنگال دەکەوێتەوە و دوو منداڵ دەبنە قوربانی

بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاگر لە کەمپی چەمشکۆی تایبەت بە ئاوارەکانی شنگال، لە زاخۆ کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

شڤان عیسا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە میدیاکانی راگەیاند، تائێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی کەمپی چەمشکۆ نەزانراوە، بەڵام بەهۆی رووداوەکە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە کە تەمەنیان یەک ساڵ و چوار ساڵ بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەمپی چەمشکۆ تایبەتە بە ئاوارەکانی شنگال و دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ئێستاشدا تیمەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەهۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە.

جێی باسە، رۆژی 2022/12/12 بەهۆی شۆرتی کارەباوە، ئاگر لە هەمان کەمپ کەوتەوە، لە ئەنجامیشدا دوو خێمەی ئاوارەکان سووتان و منداڵێکیش برینداربوو.