هۆشداریی دراوە لەوەی کە ئەگەر نەتوانرێت کارەبا لە ئەورووپاوە هاوردە بکرێت و بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەکرنی گازەوە کارەبای پێویست بەرهەم نەهێنرێت، رەنگە لە زستانی ئەمساڵدا لە بەریتانیا لە ماڵ و شوێنکارەکاندا رۆژانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر پچڕانی کارەبا رووبدات.
لەو راپۆرتەی کە لەلایەن National Grid کە بەرپرسیارە لە دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا لە ئینگلتەرا، وێڵز و سکۆتلاند بە ناونیشانی “دەرخستەی زستان” بڵاوکراوەتەوە، باس لەو سیناریۆیانە دەکات کە رەنگە لە بەرهەمهێنان و دابینکردنی کارەبادا لە نێوان ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ تا ٣١ی ئازاری ٢٠٢٣ رووبدەن.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە بازاڕەکانی وزەی دوای بەرپابوونی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، ناسەقامگیرییەکی ئێجگار زۆری بەخۆوە بینیوە، بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی کە گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی دابینکردنی وزە رەنگە نرخی گاز و کارەبا بە دریژایی وەزری زستان بە بەرزی بمێنێتەوە.
لە سیناریۆی یەکەمدا ئاماژە بەوە کراوە لە ئەگەری هاوردەنەکردنی کارەبا لە ئەورووپاوە، کاریگەری لەسەر دابینکردنی کارەبای بەریتانیا دروست دەبێت و پێویست دەکات کە یەکەکانی خەڵوز بەکاربهێنرێت. لەم چوارچێوەیەدا داوا کراوە کە رێکخراو، دامەزراوە و کۆمپانیاکان کاتژمێرەکانی کارکردنیان لە کاتژمێرەکانی بەکارهێنانی بەرزەوە بگۆڕن بۆ کاتژمێرەکانی کەمتری بەکارهێنان.
هۆشداریش دراوە کە ئەگەر ئەم رێوشوێنانە نەگیرێنەبەر، رەنگە هەندێک لە بەکاربەران لە رۆژانی ساردی زستاندا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو رووبەڕووی پچڕانی کارەبا ببنەوە.
لە دووەم و خراپترین سیناریۆشدا هۆشداریی درا کە قوڵبوونەوەی قەیرانی وزە لە ئەورووپا و کەمکردنەوەی دابینکردنی گاز لە بەریتانیا و هاوردەنەکردنی کارەبا لە ئەورووپاوە رەنگە ببێتە هۆی پچڕانی کارەبا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە رۆژێکدا.
دامەزراوەکە رایگەیاندووە کە رێوشوێن پێویست گیراوەتەبەر و لە ئەگەری پچڕانەکاندا رۆژێک پێشوەختە بەکاربەران ئاگادار دەکەنەوە.