ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، پێویستە گوێ لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بگیرێت، دوپاتیشیکردەوە کە ناهێڵن ئەمریکا وڵاتەکەیان بکاتە ئەفغانستان و سووریا و لیبیا.
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لەمیانی بەشداریکردنی لە چالاکییەکی زانکۆی تاراندا لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەکان رایگەیاند، ئەمریکا بە دڵنیایییەوە ئێرانێکی بەهێزی ناوێت، ئەوان ئێرانێکیان دەوێت وەک ئەفغانستان، سووریا و لیبیا بێت کە داگیری کردوون، بەڵام ئێران وەک ئەو وڵاتانە نییە، گەلی ئێران رێگە نادات ئەو گەلەکۆمەکییەی ئەمریکا سەر بگرێت.
باسی لەوەشکرد، جیاوازی هەیە لەنێوان خۆپیشاندان و یاخیبووندا، وەک خۆی دەڵێت: خۆپیشاندان بونیادنەرە و پێویستە گوێ لە خۆپیشاندەران بگیرێت.
ئیبراهیم رەئیسی لەبارەی دۆخی ئابووری وڵاتەکەیەوە وتی، هەڵئاوسانی ئابووری لە ئێران دادەبەزێت و گوزەران و ژیانی هاووڵاتییانیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت.