دەستەی دەستپاکی، سزای زیندانیکردنی بۆ پارێزگاری پێشووی زیقار دەرکرد

پارێزگاری پێشووی زیقار تۆمەتبارکرابوو بە لێبڕین لە مووچەی کەرتێکی دیاریکراو

ئەمڕۆ دووشەممە، بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی حکومەتی فیدڕاڵ سزای دەستگیرکردنی بۆ پارێزگاری پێشووی زیقار دەرکرد.

بەپێی بەیاننامەیەکی بڵاوکراوەی بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی کە تیایدا هاتووە، "دادگەی تاوانی کەرخ- لێژنەی سێیەم، بەهۆی پێشێلکاری بە ئەنقەست لە پۆستەکەی و بڕینی بڕی 200 هەزار دینار لە مووچەی ئەندامانی سەحوە بەشێوەیەکی نایاسایی و بەبێ بەرژەوەندی لە کاتی دابەشکردنی مووچەکانیان، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ یەحیا ناسری، پارێزگاری پێشووی زیقار دەرکرد.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "دادگە بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەی تاوانبار بوونیان هەیە بە بوونی شاهێدی پێویست، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ناوبراو تۆمەتبار بکرێت بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە، و بەپێی بڕگەکانی (47، 48 و 49) لە ماددەی (331)ـی یاسای سزادان بڕیاردراوە، دوای سەپاندنی سزای زیندانیکردن بە موتڵەقی لەسەری، پێویستە لەبەردەم دادگەی پارێزگاکە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بداتەوە".