دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان رایگەیاند، لەمڕۆوە رسومات و گومرگی هاوردەکردنی تایبەت بە بەنزین هەڵدەگیرێت، ئامادەکاری و رێکاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتەبەر.
لەراگەیەندراوێکدا دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەڵێت، “لە ئەمڕۆوە ڕسومات و گومرگی هاوردەکردنی تایبەت بە بەنزین هەڵدەگیرێت، لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئامادەکاری و ڕێکاری پێویست بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر، بازرگانان دەتوانن بەبێ باج و ڕسومات لەڕێگەی دەروازەکەمانەوە بەنزین هاوردە بکەن”.
هاوکات بریارەکە بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەستراوە و دەشڵێت، “بەپێی فەرمانێکی وەزاری، وەزارەتی دارایی و ئابووری/نووسینگەی وەزیر لە ڕێکەوتی 16.6.2022 و پشتبەستن بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 1682 لە ڕێکەوتی 15.6.2022 ئەوە خراوەتە ڕوو، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزینی هاوردە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارماندا بە :-
دەقی بریارەکان بەو شێوەیەیە:
1. هەڵگرتنی تەواوی باج و ڕسوماتی گومرگی تایبەت بە بەرهەمی بەنزینی هاوردە، بە ڕەچاوکردنی کوالێتی.
2. کەمکردنەوەی ڕسوماتی کارگێڕی هەناردەکردن و هاوردەکردنی سامانە سروشتییەکان، تەنها بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بۆ (٧ $) حەوت دۆلار بۆ هەر تەنێک.
3. دەرفەتی یەکسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەکان بەمەبەستی هاوردەکردنی بەنزین بەبێ جیاوازی و ڕێگری بکرێت لە قۆرخکاری، بە مەرجێک ڕەچاوی کوالێتی بکرێت.
4. ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتی 17.6.2022 جێبەجێ دەکرێت تاکوو ڕێکەوتی 31.12.2022 .