دۆخی کارەبا لە گەرمای هاویندا بەکوێ دەگات؟

کارەبا یەکێکە لە ئامرازە هەرە پێویستەکانی مرۆڤایەتی و تاڕاددەیەک پەیوەستکراوە بە ژیان، بەجۆرێک لە وڵاتێکی وەکو عێراق کە بەنزیکەیی ٧ بۆ ٨ مانگ گەرما تیایدا زاڵە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ خواستی زیاتری کارەبا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا . کەچی نەبوونی بەنداوی پێویست و وەرگرتنی سووتەمەنی لە وڵاتانی دراوسێ بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا یاخود وەرگرتنی خودی وزەی کارەبا لە وڵاتان ئاستەنگی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە بەجۆرێک لەکاتی نەبوونی ئاوی پێویست کارەبا کەم دەکات، لەکاتی رێکنەکەوتن لەسەر پێدانی سووتەمەنی لە وڵاتانی دراوسێ کارەبا کەم دەکات . بە کورییەکەی بچووکترین کێشە دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی کارەبا و کورتهێنان لە پڕکردنەوەی خواستی خەڵک لە ١٢ مانگی ساڵدا .

رێککەوتنەکانی عێراق و هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نەبوونەتە مایەی پڕکردنەوەی خواستی خەڵک بەڵکو هەموو رۆژێک بە کێشەیەکی نوێوە بڕی پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە . ئێمەش بۆ ئاشنابوونی زیاتری ئەم دۆخە وەکو هەفتەنامەی تەبا لەگەڵ ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا قسەمان لەسەر دواهەمین دۆخی هەرێم کرد و ناوبراو بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانمانی دایەوە :

دۆخی کارەبای هەرێم بەشێوەیەکی گشتی بەکوێ گەیشتووە، گۆڕانکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بەگوێرەی ساڵانی رابردوو چین؟


رەوشی کارەبا لە هەرێم لە ئێستادا ٣٥٠٠ مێگاوات بەرهەمهێنانە و بڕی ٤٥٠٠ مێگاوات خواستە، ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژانە بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی ١٤ بۆ ١٦ کاتژمێرە ئەمەش بەپێی خواستی رۆژانە و بەپێی پلەکانی گەرما و هەبوونی هەر کێشە و گرفتێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا دەگۆڕێت .

هۆکار چییە هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کارەبای نیشتمانی کەم دەبێتەوە؟ و مۆلیدە ئەهلییەکانیش ئەمە دەقۆزنەوە، لەکاتێکدا نرخی هەر ئەمپێرێکی کارەبای مۆلیدە گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠ هەزار دینار !


ئیتر ئەمەیە، بە حوکمی ئەوەی رێژەی کارەبای داواکراو لە هاویندا بەرزدەبێتەوە و وزەکەش لەکاتی گواستنەوەیدا تووشی چەندین کێشە دەبێت و بڕێک لە وزەکەی کەمدەبێتەوە و لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی پێویست بەهۆی بەرزی خواستی هاووڵاتییان لە وەرزی گەرمای هاویندا دۆخەکە وای بۆ دەڕەخسێت و ناتوانین ٢٤ کاتژمێر کارەبا دابین بکەین، کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دەدرێت بە هاووڵاتییان بەڵکو بەشێکی خواستی خەڵک پڕبکاتەوە .

پلانەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ زیادکردنی کارەبای نیشتمانی و کەمکردنەوەی بڕی پێدانی کارەبای مۆلیدە چییە؟

ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلانەکانمان بۆ زیادکردنی بڕی کارەبا بەردەوامی هەیە و لە ئێستادا پلانێکمان داڕشتووە کە بڕی ٥٠٠ مێگاوات کارەبامان هەیە بۆ مانگی تشرینی یەکەم ( ١٠ ) ، کە ئەمەش دەکرێت بە دوو یەکە ٢٥٠ بە ٢٥٠ مێگاوات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، ئەمە پلانێکە لەبەردەستایە و هەوڵەکانیشمان بەردەوامی دەبێت بۆ زیادکردنی کارەبا .

حکومەتی عێراقی رێککەوتنی ئەنجامداوە بۆ بەستنەوەی کارەبای عێراق بە وزەی کارەبای وڵاتانی کەنداو کە بەڕێژەی ٥٪ کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆسەر عێراق، ئەم بریارە هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستان هەیە یاخود هەرێم تا چەند سوودمەند دەبێت لەم هەنگاوە؟


لە راستیدا ئەم رێککەوتنە بۆ بەستنەوەی کارەبای عێراق بە وزەی کارەبای وڵاتانی کەنداو پەیوەندی بە حکومەتی فیدڕاڵییەوە هەیە، لە کاتێکدا رێژەی زیادکردنی کارەباکە ٥ ٪ـە و زۆر کەمە، ئەم بڕە خواستی بەشێکی کەمی عێراق پڕدەکاتەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و لە دوور و نزیکەوە هەرێمی کوردستان سوودمەند نابێت لە ئەنجامی رێککەوتنەکە .


تایبەت بە بابەتی کارەبا و رەوشی بەرهەمهێنان و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، پێشتر کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، پلانەکەمان لە هەر سێ سێکتەری بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ کردووە . ئەوەشی روونکردبوویەوە :

لە بواری بەرهەمهێنان، ٦١٥ مێگاوات کارەبامان زياد کردووە، لە وێستگەی خەبات ٣٠٠ مێگاوات، لە گەرمیان ١٦٥ مێگاوات و لە دوکان و دەربەندیخان ١٥٠ مێگاوات کارەبا زیادکراوە . ژێرخانی کارەبای هەرێم ٦٧٠٠ مێگاواتە و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ٣٥٠٠ مێگاواتە .


تایبەت بە بڕی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی، دەوروبەری ١٦ کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت و بەرهەمهێنانی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پێویستی بە سووتەمەنی و تێچوونی زیاتری هەیە . بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، خۆی لەگەڵ داهاتی هەرێم گونجاندووە و ساڵی داهاتوو بە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز، هەندێ لە وێستگەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ دەخرێن .


سەبارەت بە پرسی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت، دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە کە تەنیا بەڕێوەبردنی سێکتەری دابەشکردنی کارەبا دەدرێتە کەرتی تایبەت و پێوەری زیرەکیش تەنیا بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵ کردنی کارەبایە .