دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رێکارەکانی رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کۆلێرا و دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی تاوتوێ کرد.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران راگەیەندراوێک لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بڵاوکرایەوە.

بە پێی راگەیەندراوەکە لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دیدارەکەی لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان دا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حکوومەتی راسپارد، ھاوکاری زیاتری دەزگاکانی راگەیاندن بکەن و ئاسانکاری پێویستیان پێشکەش بکەن و زیاتر زانیاری و روونکردنەوە دەربارەی کار وچالاکییەکانی حکوومەت بە دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی هەرێمی کوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە رووی شەفافییەت و ئاگادارکردنەوەی رای گشتی.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتگیرییکردن لە گوتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری کاراکردنی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان ژمارە 11 ساڵی 2013 کرد، ئەویش لە رێگەی دەرکردنی رێنمایی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە رۆژنامەنووسان و ھاووڵاتییان رێکبخرێتەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، راپۆرتێکی بەرفراوانی دەربارەی رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشییەکانی سکچوونی توند و پەتای کۆلێرا وکۆنتڕۆڵکردنیان خستەڕوو کە تیایدا بە ئامار و شیکاری، ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی پەتاکە و ئامادەکاریی و رێکار و وەڵامدانەوەی وەزارەتەکەی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی راپۆرتەکەی وەزیری تەندروستی پەسەند کرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ بەردەوامبوون لەسەر رکارەکانی رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و چارەسەرکردنی سەرچاوە و ھۆکاری نەخۆشیەکە، بە تایبەتی پاککردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و ھوشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان لەمبارەیەوە.

پاشان لەلایەن وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، کەمال محەمەد ساڵح، دەرەنجامی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین خرایەڕوو. سەرۆکوەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ کارکردنیان بۆ دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی کوالیتییەکەی و راشیسپاردن کە بەردەوامبن لە سەر ئەو رێکارانە بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی ناوخۆ و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گرنگترین کار و پڕۆژەکانی چاکسازی کە لە لایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی ھێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەکە و یاسای چاکسازیی ژمارە 2 ساڵی 2020 کە لە لایەن وەزیرەکانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە بەردەوامبوون لەسەر پلان و بەرنامەی چاکسازیی کابینەکە کە بەشێکی گرنگ و سەرەکی بەرنامەی کاری کابینەکەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەكه‌دا، ئەنجومەنی وەزیران راسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، تاکو بارگرانی نەبوونی بەرھەمە خۆراکییەکان یان گرانبوونیان لەسەر ھاووڵاتییان دروست نەبێت، ئەویش بە بەردەوامبوونی ھەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر بەرھەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تا 30ـی ئه‌یلوولی 2022 وەک (ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و رۆنی بەستووی رووەکی وئاژەڵیی، چای رەش، شەکر، پاقلەمەنی وشک (نۆک، نیسک، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش)، شیری منداڵان بە ھەموو جۆرەکانییەوە. ھەروەھا ئاسانکاریی ھاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور لەڕێگه‌ی ھەڵپەساردنی مەرجی بەدەستھێنانی مۆڵەتی ھاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ گۆشتی سوور تا 17ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022 بە رەچاوکردنی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان و پاراستن و پشتیوانی بەرھەمی ناوخۆیی و دۆخی کەمی لەوەڕگاکان وکەمی ئالیک و تیمەکانی چاودێریی بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامییەت و ئاسایشی بازرگانی بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و رێگرتن لە خراپ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکاریانە و بەرزکردنەوەی نرخەکان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە له‌ بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پابەندبوونی حکوومەتی بە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان ژمارە 5 ساڵی 2015 کردەوە و بڕیاردرا بە راسپاردنی وەزارەتی داد، بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، بۆ دەرکردنی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە، لە پێناوی پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی پێکھاتە جیاکانی ھەرێمی کوردستان تێێدا جێگیربوون و رێگەگرتن لە ھەر رەفتار و سیاسەتێکی نەرێنی کە ببێتە ھۆی گۆڕینی بارودۆخی رەسەنی ئەو ناوچانە یان گۆڕینی دیمۆگرافیان.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا،ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان و برەودان بە شەفافییەت لە رێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی راپۆرتەکانی تایبەت بە زانیاری و ژمارەکانی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داھاتی نەوت وگاز بۆ رای گشتی.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوتەڕوو کە ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی قۆناغەکانی نەوت و گاز و داھات و خەرجییەکانی، لە دوای چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی خزمەتگوزاریی وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت، لە رووی نرخ و تێچووی خزمەتگوزارییەکە و خستنەڕووی راپۆرتی مانگانە، سەبارەت بە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داھاتی نەوت وگاز بۆ رای گشتی و فراوانکردنی چالاکیبەکانییان و دەوڵەمەندکردنی راپۆرتەکانی مانگانە. جەختیش لەسەر راھێنانی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێریی دارایی ھەرێم کرایەوە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و نوێکردنەوەی یاسا و رێنمایی و پێوەرەکانی دارایی و وردبینی کارپێکراو لە ھەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی پێوەرە نوێ و ھاوچەرخەکانی ئەم بوارە.