دوای کشانەوەی خۆپیشاندەران، ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەستی بە کارەکانی کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، بەشێوەیەکی ئاسایی دەستمان بە کارەکانمان کردووە، لە سبەی چوارشەممەوە هەموو رێکارێک دەگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە پێشێلی یاسایان کردووە و بوونەتە هەڕەشە بۆسەر دامودەزگا گشتییەکان.

ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "دوای کشانەوەی خۆپیشاندەران لە دەوروبەری باڵەخانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدڕاڵی، بڕیارماندا لە بەیانی سبەی چوارشەممە کە دەکاتە 24-08-2022، کارەکانمان بەشێوەیەکی ئاسایی دەستپێبکەینەوە".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بەمبۆنەیەوە، سوپاس و پێزانینی تەواومان بۆ هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دووپاتدەکەینەوە، کە رێز لە یاسا و دەستوور دەگرن، لە بەرامبەریشدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئیجرائاتی جیددی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتەبەر کە دەستیان لە تێکدانی سەقامگیری و پێشێلکردنی یاسا هەبووە".

جێی باسە ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر ، لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری گردبوونەوە لە ناوچەی سەوز لە بەغداد.