“دوای چلەی شەهیدکردنی ئیمامی حوسێن حکومەت پێکدەهێندرێت”

ئەندامێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگرە لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بۆیە دوای مەراسیمەکانی چلەی "شەهیدکردنی ئیمامی حسێن"، کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و هەوڵەکان بۆ  پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکاتەوە.

عەباس ئەلشەبەکی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لەلێدوانێکدا باسی لەوەشکرد، پەرلەمانی عێراق دوای مەراسیمەکانی چلەی "شەهیدکردنی ئیمامی حسێن"، کۆبوونەوەکانی خۆی دەستپێدەکاتەوە و حکومەتی نوێ دوای ئەو وادەیە پێکدەهێنرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنە کوردییەکان بەشێوەیەکی نیمچەکۆتایی گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار.

سەرکردەکەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی خستەڕوو، دوای پێکهێنانی حکومەت، پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە، پرسیاری ئەوەش دەکات کە بۆچی رەوتی سەدر لەکاتێکدا خاوەنی 73 پەرلەمانتار بو هەوڵی نەداوە بەبێ خوێنڕشتن خولی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە باوەڕی وایە لەم قۆناغەدا چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگر دەبێت لەسەر پێکهێنانی حکومەت و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی سەرۆککۆمار.