دوای زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی کچێک لەلایەن براکانیەوە رزگارکرا

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان - سلێمانى رایگه‌یاند، پاش ئەوەی کەسێک ئاگاداریکردینەوە کە کچێکی ته‌مه‌ن 25 ساڵان لەژێر ئەشکەنجەدایە و زیندانیکراوە، تیمه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ و رزگاریان كردووه‌.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ئافرەتان و خێزان - سلێمانى بڵاویكردووەته‌وه‌، دوێنێ سێشەممە پاش ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە کچێک بە ناوی ( ش . م . م )ـی تەمەن 25 ساڵ لەژێر ئەشکەنجەدایە و زیندانیکراوە لەلایەن براکانیەوە لە ماڵی خۆیان، دەستبەجێ چوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ و رزگاریان کردووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "به‌ فرمانی دادوه‌ر تیمەکانمان لە نووسینگەی رۆژئاوای بەرێوەبەرایەتیمان گەیشتنە شوێنی مەبەست، توانیان کچەکە رزگاربکەن و سکاڵای تۆمار کرد و کچەکە رەوانەی نەخۆشخانە کرا بە مەبەستی راپۆرتی پزیشکی".

جێی باسە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە و بە بڕیاری دادوەر براکانی دەستگیرکراون.