دواهەمین هەڵوێستی رەوتی سەدر؛ بەشداری لە حکومەتی نوێی عێراق ناکەین

ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری سەدر ناسراوە، لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، رەوتی سەدر بەشداری لە حکومەتی نوێی عێراق ناکات.

وەزیرەکەی سەدر رایگەیاند، "پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی میلیشیایی تاوانبار، لەئاست خواستی گەلدا نییە و لەگەڵ ئەو بنەمایەشدا ناگونجێت کە کەسی تاقیکراوە نابێت تاقیبکرێتەوە، بۆیە ئەو هەنگاوە دوای شکستهێنانی هەوڵەکان هات بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە کە بڕیاربوو پێکهێنانی ببێتەهۆی دادپەروەری، بێلایەنی و داماڵینی گرووپەکان لە چەکی بێ مۆڵەت و هێشتنەوەی چەک تەنها لە هێزە ئەمنییەکاندا، لەم کاتەشدا رەتیدەکەینەوە جارێکی دیکە عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ بازنەی یەکەم و هەموو هەوڵە ناوخۆیی و دەرەکیییەکانیش کە بەشدارن لەم هەوڵەدا سەرکۆنە دەکەین ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، رەتیدەکەینەوە عێراق بکرێتە یارییەک بە دەست وڵاتانی دەرەکی و بکرێتە ئامرازێک بەدەست گرووپە چەکبەدەستەکانی دەرەوەی دەوڵەت، رەتیشیدەکەینەوە داهاتی عێراق بچێتە گیرفانی گەندەڵکارانەوە، هەروەها رەتیدەکەینەوە هەر بەرپرسێکی حکومەتەکانی پێشوو لەم حکومەتە تازەیەشدا بەشداری بکات جا ئەو کەسە لە دەرەوەی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت بووبێت و ئێستا لێیان جیابووبێتەوە یاخود ناڕاستەوخۆ لەسەر ئەوان حساب بکرێت، بۆیە سەرۆکی راسپێردراوی حکومەتەیش لە دەموچاوە کۆنەکانە و گەندەڵکاران و دەسەڵاتداریەتییەکان تەنها بیر لە کورسی خۆیان دەکەنەوە و دەیانەوێت نیشتیمانی ئێمە بەرامبەر گەلانی دیکە لاواز بێت.

وەزیرەکەی سەدر هۆشداری دەداتە ئەوانەی بەشداری حکومەتی داهاتوو دەکەن و دەڵێت، هەر کەسێک پۆستی وەزاری لە حکومەتی داهاتوو وەربگرێت کە لەسەر رەوتی سەدر هەژمار بکرێت، بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی رەوتی سەدر ناکات و راستەوخۆش لە ریزەکانیان دەردەکرێت، ئەویش بۆ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ رازیکردنی رەوتی سەدر نەدرێت بەدەستەوە، وەک ئەوەی هەندێک لایەن ئومێد بۆ ئەوە دەخوازن کە رەوتەکەیان بەشداربێت "لە دابەشکردنی کێکی گەندەڵی.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، لەئێستادا هەوڵێکی "چەپەڵ" هەیە و هەندێک لایەن کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی دەسەڵات و هەژموونی گەندەڵی خۆیان، ئەویش لەرێگەی یاریکردن بە داهات و چارەنووسی گەلەوە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش لە سەپاندنی خۆیان بەسەر دەسەڵاتی دادوەری و هیچ دەزگایەکی دیکە سڵ ناکەنەوە، بۆیە داوا دەکەن هەمووان خۆیان لە هاوپەیمانی گەندەڵکاران بپارێزن، داواش لە خوای گەورە "دەکەین رێڕەوی ئێمە و گەندەڵکاران جیابکاتەوە و گەل سەربخات کە ئەو باشترین سەرخەرە.