داوا دەکرێت حەلبووسی دەستلەکارکێشانەوەکەی بکشێنێتەوە

عەممار حەکیم رایگەیاند، جگە لە دیالۆگ و گفتوگۆ هیچ رێگەیەک نییە بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی لە عێراق، هیوادارین محەمەد حەلبووسی پێش وادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی پاشگەزببێتەوە.
عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، ئەمڕۆ سێشەممە لە چوارەمین دیداری رافیدەین رایگەیاند، “مستەفا کازمی سەرکەوتوو بووە لە هێورکردنەوەی شەقامی عێراقی و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەمانە خاڵی ئیجابی حکومەتەکەین”.
باسی لەوەشکرد، ” رەوتی سەدر هاوبەشی سەرەکی پرۆسەی سیاسییە، چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر بوونیان، لە کاتی رادەستکردنی دەستلەکاركێشانەوەی ئەندامەکانیان لەپەرلەمان هەوڵی زۆریان دا بۆ گەڕاندنەوەیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هیچ دیالۆگێکی راستەوخۆ لەنێوان چێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر ڕووینەداوە بۆ زانینی هەڵوێستی فەرمی رەوتی سەدر”.
ئاشکراشیکرد،”زۆرینەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەخەتدا نین، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رەوتی سەدرەوە تاووتوێی ئەو پرسەیان کردووە”.
داوایشیکرد، ” محەمەد حەلبووسی پێش وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەستلەکارکێشانەوەکەی پاشگەزبێتەوە و بیکشێنێتەوە، چونکە بەبێ دروستبوونی دیالۆگێکی نیشتیمانی ڕاستەقینە مەحاڵە کێشەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق چارەسەر ببێت”.