دارایی عێراق بڕی 100 هەزار دینار وەکو پاداشت پێشکەشی کەمئەندامان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی چاودێری کەمئەندامانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی بڕی 100 هەزار دیناری دیاریکردووە کە وەکو پاداشت بدرێت بە کەمئەندامان.

ئەحمەد هادی، سەرۆکی دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، وەزارەتی داراییمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی پارە دابینبکات بۆ کەمئەندامان بەبڕی 18 ملیار و 500 ملیۆن دینارێ عێراقی".

ئەوەش هاتووە، "ئەم هەنگاوەمان دوای ئەوەدێت کە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دەرکرد بڕێکی دارایی بگوازرێتەوە ژێر دەسەڵاتی دەستەکە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی کەمئەندامان و بڕیاریشدرا کە بڕی 100 هەزار دینار بۆ هەر کەسێک دابینبکرێت".